ڕوانگە ـ لە بەرامبەر پەلامار و داگیرکاریەکانی تورکیا و بە ناحەق کوشتنی خەڵک و ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان و داگیرکردنی خاکوردستاندا، مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەیی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی کەلار ڕایدەگەیەنێت:" هیچ دینێک ڕێگە بەوەنادات کە هیچ وڵاتێک وڵاتێکی دیکە داگیربکات و وێرانی بکات و خەڵکی سڤیل شەهیدکات.
مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەیی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی کەلار، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" وەک مامۆستایەکی ئاینی کە لە ڕوانگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە قسەدەکەم، پێموایە کە هیچ بیانویەک نییە بۆ تورکیا خاکی کوردستان داگیربکات، چونکە نەک بەتەنها باشوری کوردستان، بەڵکو باکوری کوردستانیش موڵکی تورکیا نییە و ئەویش پارچەیەکە لە وڵاتێکی گەورە بەناوی کوردستانەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا کە هێرشدەکاتەسەر خەڵکی سڤیل و خاکێک کە نیشتیمانی ئەونییە بەهیچ جۆرێک بۆیڕەوانیە کە هێرشبکاتەسەری، لەکاتێکدا تورکیا خۆی بە وڵاتێکی مسوڵمان دادەنێت.
وتیشی:" لە زۆر جێگەدا باسم لەوەکردووە کە هیچ هەڵوێستێکمان نەبینیوە لە زانا و موفتییە مسوڵمانەکانی تورکیا ، کەخۆیان بە جێنشینی خەلافەتی عوسمانی دەزانن کە مافیڕەوا بە کوردستان بدەن بۆئەوەی کە خاوەنی کیانی سەربەخۆی خۆیانبن و وەئەومافە نەدەن بە تورکیا کە بییەوێت وڵاتی کوردستان، وێران بکەن و داگیری بکەن، چونکە هیچ دینێک ڕێگە بەوەنادات کە هیچ وڵاتێک وڵاتێکی دیکە داگیربکات و وێرانی بکات و خەڵکی سڤیل شەهیدکات.
لە وەڵامی ئەوپرسیارەی کە بۆچی زۆرجار تورکیا، بۆ داگیرکردنی کوردستان و شەیدکردنی خەڵکی سڤیل پەنادەباتە بەرئاین و پیاوانی ئاینی؟
مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەیی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی کەلار، ڕونیکردەوە:" دیارە زۆرێک لە سیستمە دیکتاتۆریەکان ئاین بەکاردەهین و کاردەکەن بۆ جوڵاندنی هەستی پیاوانی ئاینی بۆ ئەوەی پشتگیری لە داگیرکاری بکەن وەک لە مێژویشدا دیارە کە تورکیا چەندینجاری دیکە لەڕێگای بەکارهێنانی ئاینەوە ڕێگەی بەخۆیداوە داگیرکاری ئەنجامبدات، کە دیارە ئەوە چەکێکە بەدەستیانەوە، بۆیە حەقوایە ئێمەی مسوڵمان بەو دروشمانە فریو نەخۆین و دەبێت لە بەرامبەردا مامۆستایان و زانایانی ئێمەش ڕووبەڕووی ئەو بەکارهێنانە نادروستەی تورکیا ببنەوە کە ئەوە زیان بەدین و پێکەوەژیانی نێوان مسوڵمانانی کورد و تورک دەگەیەنێت، ئەمە جگە لە زیانەکانی دیکە کە لە دەرئەنجامی شەڕ و داگیرکاریەکانەوە بە کورد دەگات.
لە بارەی ڕۆڵ و هەڵوێستی مامۆستایان و زانایانی ئاینی چی لە ناوخۆی کوردستان و چی لە سەر ئاستی دەرەوەش، مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەیی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی کەلار،ئاشکرایشیکرد:" هەرچەندە مامۆستایان و پیاوانی ئاینی ئێمە خاوەن دەسەڵات نین و تەنها مینبەر و فتوایان لەبەردەستدایە، بەڵام حەقوایە کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردی و تەنانەت کاریگەریشیان هەبێت لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقیش کە هەڵوێستیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو داگیرکاریانە و دەبێت کۆدەنگییەک دروستبکەن بۆ ئەوەی داگیرکاری و خوێن ڕشتنی خەڵکی بە حەرام بزانرێت و ئەو بەکرهێنانەی ئاینیش لە لایەن تورکیاوە ڕونبکرێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە تورکیا مەبەستەکەی بەتەنها ئاین نییە، بەڵکو دەیەوێت مێژوو کولتوور و زمان و ڕۆشنبیری ئێمەی کورد دەدات، بەڵام بەداخەوە زانایانی ئاینی ئێمە نەیانتوانیووە لەوڕوەوە ئەو ڕۆڵە بگێڕن